دەربارەی ئێمە

ئینستیتیوتێکی توێژینەوەیی سەربەخۆیە، کار لەسەر بڕیاری کوردستانی دەکات: کێ دروستی دەکات، چۆن دروست دەکرێت، و بۆچی ئامادە نییە.

بۆچی هەین

کورد بە درێژایی سەدەیەک شەڕی زۆری بردۆتەوە و جەنگە گەورەکانی دۆڕاندوە. پارادۆکسەکە لەوەدایە کە کەموکوڕییەکە نە لە ئازایەتیدا بووە، نە لەو خوێنەی ڕژاوە، بەڵکو لە چوارچێوەکەدا بووە. دامەزراوەیەکمان نەبووە ئەزموون کەڵەکە بکات، بۆیە دوای هەر شکستێک لە سفرەوە دەستمان پێدەکردۆتەوە. بیردۆزێکی ستراتیژیشمان نەبووە لە حسابی ساتەکە تێپەڕێت، و لەوەش خراپتر، هەرگیز بڕیارێکی یەکگرتوو لە هەر چوار پارچەکەوە دەرنەچووە. لە هەر شوێنێکیش بڕیاری ئێمە ئامادە نەبووبێت، بڕیاری ئەوانی تر ئامادە بووە.

ئێمە بۆ ئەوە هەین کە کار لەسەر پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە بکەین، نەک شینی بۆ بگێڕین.

ڕوو لە کێ دەکەین

کار لەسەر دوو چەمکی لێکبەستراو دەکەین، کە یەکێکیان ئەوی تر ناسڕێتەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی هەندێک وا دەزانن:

  • گەلی کوردستان

    هەموو دانیشتووانی، لە کورد و ئاشووری و تورکمان و ئەرمەنی و عەرەب و ئێزیدی و کلدانی و ئەوانی تر، وەک هاوبەشی یەکسان لە هاونیشتمانیبوون و چارەنووسدا.

  • کورد

    یەک گەلە، لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە دیاسپۆرای ئەوروپا و ئەمریکا، و لە کۆمەڵگا کوردییە کۆنەکاندا، لە پاکستانەوە تا سودان و کازاخستان.

یەکەمیان لەسەر خاک و هاوبەشی بنیات نراوە، دووەمیان لەسەر پەیوەندیی نەتەوەیی، و هەردووکیان بابەتی کارمانن.

چی دەکەین

توێژینەوەی بنەڕەتی لە چەمک و بیردۆزدا، و توێژینەوەی سیاسەت لە پرسە هەنووکەییەکاندا، و ڕاپۆرتی ستراتیژی و کتێب بڵاو دەکەینەوە، خولی ڕاهێنان و پرۆگرامیش ساز دەکەین بۆ ئامادەکردنی کادری شارەزا لە بیرکردنەوەی ستراتیژی و دروستکردنی بڕیاردا، و دەستپێشخەری بۆ خزمەتی دۆزی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا دەخەینە گەڕ. بە کوردی بە هەردوو زاراوەکەی، و بە ئینگلیزی و عەرەبی دەنووسین.

سەربەخۆیی ئێمە

لە هەموو پارتێک و دەوڵەتێک سەربەخۆین، بەڵام بێلایەن نین؛ سەربەخۆیی لای ئێمە ئەوەیە کە کەس هەڵوێستمان بەسەردا نەسەپێنێت، نەک ئەوەی لە دۆزەکەمان و لە نەیارەکانی بە یەک ئەندازە دوور بین. هەڵوێستەکانیشمان تەنیا لە تێگەیشتن و ئەنجامی کاری خۆمان و بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد و کوردستانی مەزن و ئاسایشی نەتەوەییمانەوە سەرچاوە دەگرن.

ڕێبازمان

بابەتی لە میتۆددا، لایەنگر لە ئامانجدا

ئێمە بێلایەن نین، و هەرگیز بانگەشەی بێلایەنیمان نەکردووە.

میتۆدەکەمان تا دوا ئاست بابەتییە. بەپێی ئەوەی ڕاستییەکان دەیڵێن شیکار دەکەین، نەک بەپێی ئەوەی هیوامانە یان لێی دەترسین — تەنانەت کاتێک شیکارەکە کارەسات لە پێکهاتەی خۆماندا، یان لەوەی چاوەڕێمان دەکات، ئاشکرا دەکات.

کە شیکار تەواو بوو، لایەنگری دەست پێ دەکات. ئامانجمان ئاشکرایە و نایشارینەوە: کوردستان، خەڵکەکەی، و بەرژەوەندییەکانیان.

بابەتیبوون لای ئێمە دژی لایەنگری نییە، بەڵکو مەرجیەتی. ئەوەی بەپێی خواستی خۆی شیکار بکات، بڕیارەکەی لەسەر خەیاڵ بنیات دەنێت، و خزمەت بە دوژمنەکەی دەکات لە کاتێکدا وا دەزانێت خزمەت بە گەلەکەی دەکات.

ئەوەی لایەنگرییەکەی دەشارێتەوە لە ئێمە زانستیتر نییە — بەڵکو کەمتر ڕاستگۆیە.

بێلایەنیی ئەکادیمی لە شوێنی خۆیدا نییە

بێلایەنی لە زانکۆدا گونجاوە، کە توێژەر تەنها بە دروستیی میتۆدەکەی دەپێورێت. بەڵام دامەزراوەیەک کە لەسەر بڕیاری نەتەوەیەک کار دەکات، بە ئەنجامیش دەپێورێت. ئەوەی ڕەتی دەکاتەوە پرسیاری ئەنجامی لێ بکرێت، نەگەیشتۆتە بێلایەنی — بەڵکو خۆی لە بەرپرسیارێتی بەخشیوە.

بۆیە ناو لە لایەنگرییەکەمان دەنێین و دەینووسین، و میتۆدەکەمان بۆ ڕەخنە و لێپرسینەوە جێدەهێڵین.

ئەو چەمکانەی کاریان پێ دەکەین

بێ ئامراز بیر ناکرێتەوە. ئەم چەمکانە ئامرازەکانی ئێمەن؛ لێرەدا وەک چۆن بەکاریان دەهێنین پێناسەیان دەکەین، و بەرپرسیارێتیی پێناسەکەیان هەڵدەگرین.

بڕیاری کوردستانی
توانای دروستکردنی بڕیار لە چارەنووسی کوردستاندا: کێ دروستی دەکات، بە چ زانیارییەک، و بۆ چ ماوەیەک. نەبوونی — نەک کەمیی ئازایەتی و نەک کەمیی ئەو خوێنەی ڕژاوە — ئەوەیە کە سەدەیەک دۆڕان ڕوون دەکاتەوە.
شەڕ و جەنگ
شەڕ بە ئازایەتی دەبردرێتەوە و لە چەند مانگێکدا کۆتایی دێت؛ جەنگ بە دامەزراوە دەبردرێتەوە و بە نەوەکان دەژمێردرێت. ئەوەی شەهیدەکانی وەک پاڵەوان ناشت و دەستکەوتەکانی وەک غەنیمەت خوارد، شەڕەکانی بردەوە و جەنگەکەی دۆڕاند.
تێچووی کشانەوە
ئەو پێوەرەی دەستکەوتی شەڕ لە دەستکەوتی جەنگ جیا دەکاتەوە: لایەنەکەی تر چی دەدات ئەگەر بیەوێت ئەوەی داویەتی بیگەڕێنێتەوە؟ ئەوەی تێچووی گەڕاندنەوەی سفر بێت، دەستکەوت نەبووە.
ئێرانزەدەگی
نامۆبوونی ناسنامەیی و پاشکۆیەتیی شاراوە: ئەوەی دامەزراوە و گوتاری گەلێک کاری کەسانی تر بکەن بێ ئەوەی فەرمانیان پێ بدرێت — بە ڕێکار، بە مۆر، و بە پەیڕەوی ناوخۆ.