وەرەقە

یەکپارچەیی دەقی دەستووری و پووچەڵیی هەڵبژاردەیی لە جێبەجێکردنی حوکمەکانی دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی 2005

یادداشتێکی یاسایی و دەستووری لە وەڵامی بڕیارەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 24/11/2026 دەرچوون، و بڕیاری لێکدانەوەی دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (268/ فیدراڵی/ 2026)

لە 24/11/2026، دوای ئاگاداربوونی لە ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە قاچاخکردنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێز عەلی فالح زەیدی، لە ڕاگەیەندراوێکی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا، کۆمەڵێک فەرمانی دەرکرد، لەوانە: سنووردارکردنی ڕەزامەندیی هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، و وەرگرتنی سەرجەم دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانەوە، و ڕاسپاردنی وەزارەتی نەوت بە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان، و گرتنەدەستی کێڵگەکان و چاودێریکردنیان لەلایەن پۆلیسی وزەوە، لەوانەش ئەو کێڵگانەی دەکەونە ناو سنووری ئیداریی فیدراڵییەوە و لە ڕووی ئەمنییەوە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمدان، و داخستنی خاڵە نافەرمییەکانی پەڕینەوە لەسەر سنووری نێودەوڵەتی، لەوانەش خاڵەکانی پەڕینەوەی هەرێم، و داخستنی ڕێگا خۆڵییەکانی نێوان هەرێم و پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا و دیالە و سەڵاحەدین، و دامەزراندنی تاقیگە بۆ پشکنینی بەرهەمە نەوتییەکان لە بازگەکانی چوونەژوورەوەی سلێمانی و هەولێر و دهۆک، و گواستنەوەی کارگەکانی قیری ئۆکسیدکراو و نەفتا کە دەکەونە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمنیی فیدراڵییەوە لە ماوەی شەش مانگدا، و لابردنی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە.

ڕۆژی دواتر، 25/11/2026، دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر داوای سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (3056/ 2689561) لە 24/11/2026، بە زۆرینەی دەنگ و دژبوونی دوو ئەندام، بڕیاری لێکدانەوەی ژمارە (268/ فیدراڵی/ 2026) دەرکرد، لە حەوت خاڵدا کە سنوور، و دەروازەکان و ئۆتۆماتیککردنیان، و نەوت و گاز، و داهاتە نانەوتییەکان، و سنووری شوێنیی دەسەڵاتەکانی هەرێم و ئەو ناوچانەی دەکەونە دەرەوەی ئەو سنوورە دەگرنەوە.

بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ئامانجێکی ڕەوایە و مشتومڕی لەسەر ناکەین، و ئەو دەسەڵاتانەی تەنها هی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانن، بە دەقی دەستوور چەسپاون. بەڵام ئەو شێوازەی ئەم فەرمانانەی پێ دەرچوون، و ئەو خوێندنەوەیەی بڕیارەکە بۆ دەقەکانی دەستووری خستە ڕوو، دەست لە بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی دەدەن. ئەم یادداشتەش بە دەق ئەمە ڕوون دەکاتەوە، لەسەر بنەمای یەکپارچەیی بەڵگەنامەی دەستووری و ڕەوا نەبوونی پارچەپارچەکردنی.

دەتوانن دەقی تەواوی یادداشتەکە لە ڕێگەی ئەم بەستەرانەی خوارەوە دابەزێنن:

داگرتنەکان